لە دوورەوە ناوت بیستووم
ناشارەزا
خۆشت ویستووم
گوایە لە گەڵ شیعرەکانما زۆر ژیاوی
شەوەهای شەو تەزووی شیرینیان پێداوی
نەتناسیوم
بڕوا بکە نەتناسیوم
نەتناسیوم
بڕوا بکە نەتناسیوم
ئەو جیهانەی تۆ ئەتەوێ
هەرگیز لای من
دەسناکەوێ
جیهانی من هەمووی خەمە
زەردەخەنەی ئێجگار کەمە
تەلاری من کەلاوەیە
جێی پەڕتووک و هۆنراوەیە
ئەوەی ڕووگەی دڵ و چاوە
تەنیا بتێکی شکاوە
دووربە لە من لە ژینی من
لە چاوانی بەد بینی من
دووربە لە من لە هەڵبەستم
لەو چەپکانەی بۆ شاچەپکێک ئەیانبەستم
مامۆستا# پەشێو